عه‌لی ئاشناگه‌ر

ئاگرەکە بەتینترکەین!

  عەلی ئاشناگەر

 

سەرەڕای زاڵ بون و درێژەی دەستەڵاتی دەستەڵاتدارانی ئیسلامی بە سەر گەلانی ئێراندا، سیاسەتە چەوت و کۆنەپەرەستانەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، لە بەرامبەر پەرەساندنی تێ‌گێیشتویی گشتی کۆمەڵگا بە هۆی هەلومەرجی ئیمڕۆیی، لە گەڵ وشیاری و ناڕەزایەتی بەرفراوان بەرەوڕو بۆتەوە. هەر ئەمەش مەترسی لەدەستدانی دەستەڵاتی خستۆتە ناو دڵی کاربەدەستانی ڕژیمەوە.

چونکە وڵامێکی چارەسازیان نییە بۆ وڵام بە پرسەکانی کۆمەڵگاش دوچاری لێکدابڕان و چەند بەرەکی بوون. یانی ترسی لەدەستدانی دەستەڵات توشی چەند بەرەکی کردون. ئەمەش لە پڕوپاگەندەکانی کاندیداکانی سەرۆک کۆماریدا خۆ دەنوێنێ. ئەوەی کە ئەم تێک هەڵچونانە بە ئانقەست بوە یا بە هەڵکەوت، شتێکە و کاردانەوەی ئەم تێکهەڵچونەش شتێکی تر.

بەڵام ئەم ململانیە و تێک هەڵچونە بۆتە هۆی وەڕێ‌خستنی جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی. کە ئەگەر کەڵکی بەجێی لێ وەرگیرێ لەوانەیە ببێتە هەوێنی ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی! بەڵام ئەگەر ئەم هەلە بە فیڕۆ بڕواو هێزە سیاسیەکان و کۆمەڵگا نەتوانن بەم جۆرەی پێویست وڵامی داخوازیەکان بدەنەوە، دەی دۆڕێنن. دیکتاتۆڕی سەرەڕۆیی پتر بەهێز دەبێت. هێزێکی خەباتکار و شۆڕشگێڕ لە وەها هەل ومەرجێکدا دەبێ ڕێپیشاندەربێت. بە بۆنەی هەلومەرجی هەڵکەوتو خەڵک ترسیان تا ڕادەیەک شکاوە. ڕاشکاوانە داخوازیەکانیان ڕادەگەیانن. بەشێک لە کۆمەڵگاش کە بڕوایان بە دەستەڵاتداران هەبو بە هۆی لێک لەقاودانی پلە بەرزانی ڕژیم لە یەکتر و ئاشکرا بونی دزی و گەندەڵی و سەرەڕۆییان کەوتونەتە شک و گومانەوە. کە وابو دەبی خەڵک هان بدرێن بە هێنانە ئارای پتری داخوازیەکانیان. دەبێ خەڵک هان بدرێن بۆ یەکگرتویی زۆرتر لە بەرامبەر دەستەڵاتداراندا. دەبێ هان بدرێن بۆ ئەوەی کە جوڵانەوەکەیان ببێتە شەپۆلێکی بە هێز کە دیواری سەرەڕۆیی و دیکتاتۆڕی لە بەرامبەریدا توانای ڕاوەستانی نەبێ!

ئێستا کە کاربەدەستانی باڵای ڕژیم خۆیان ددانیان بە تاوانەکانیان داناوە خەڵک دەبێ خوازیاری سزادان و دادگایی کردنیان بن! یانی سەزادانی کار بەدەستانی رژیم دەبێ ببێتە دروشمێک و بچێتە ناو کۆمەڵگاوە!

هەڵپێچانی دەمو دەزگای سەرکوت دەبێ ببێتە دروشم و بچێتە ناو کۆمەڵگاوە!

دەبێ نەمانی هەڵاواردن لە سەر گەلان، ژنان، کەمایەتیە ئایینیەکان ببێتە دروشم و بچێتە ناو کۆمەڵگاوە!

دەبێ دروشمی جییایی دین لە دەوڵەت ببێتە دروشم و بچێتە ناو کۆمەڵگاوە!

دەبێ ... ‌

ئەرکی سەر شانی هێزە سیاسیەکانە کە تین و تەوەژمی ئەم جوڵانەوەیە پتر کەن خەڵک هان دەن بۆ وە دەست گرتی دەستەڵات!

Print