عه‌لی ئاشناگه‌ر

من مرۆڤم، ئێستاش هەر مرۆڤم!

 

وەڕگێڕاوەی هەڵبەستێکی غادە السمان شاعیری بەتوانای وڵاتی سوریە .

و:عەلی ئاشناگەر

 

کاتێک هاتیە ماڵەکەم

قەڵەمێکی ڕەشم لەگەڵ خۆت بۆبێنە

دەمهەوێ ڕوخسارمی پێ‌ڕەش بکەم!

تا کو بە تاوانی جوانی نەکەومە ناو قەفەسەوە!

جەغزێکیش بە سەر دڵمدا دێنم

تا کو نەمخاتە سەر هەوەسەوە!

قەڵەم پاکەرێکیشم بۆ بهێنە

بۆ سڕینی لێوەکانم!

چونکە نامهەوێ کەس بە تەمای سووربونیان ڕەشم بکا!

بژارجنێکیشت لە بیر نەچێ

تا کو هەمو هەستی ژنانەمی پێ لە ڕیشە وەدەر بهێنم!

بە تەمام تەواو لەشم من بکێڵم

گۆیا بە بێ ئەم شتانە هاسانتر دەچمە بەهەشتەوە!

تیغێکیشت لە بیر نەچێ، تا کو قژەکانمی پێ بتاشم!

با هەوایەک لە سەرم بدات! و بە بێ لەچکەش کەمێک بیر بکەمەوە!

دەرزی دەزوشم بۆ بهێنە بۆ درونی دەمم

بەم جۆرە هاوارم بێ‌دەنگتر دەبێت!

مقەستێکیشت لە بیر نەچێ!

تاکو هەموڕۆژێ بیرەکانمی پێ‌سانسۆڕ کەم!

پودری جل‌شۆریش لە بیر نەکەیت!

بۆ شوشتینی مێشکم پێویستمە!

دوای شوشتنی، لە سە تەنافێکد ا هەڵیدەخەم!

تا کو با هیوا و ئامانجەکانم بەرێت بۆ شۆێنێکی کەس نەزان!

ئاخر مرۆڤ دەبێ واقعبین بێت!

ئەگەر بێدەنگ کەرێشت وەدەست کەوت،

لەبیرت نەچێ، بی‌هێنی بۆم!

چونکە کاتێک بە تاوانی هەڵبژاردنی خۆشەویستی

بەرچەسپی خۆفرۆشیم پێوە دەچەسپێنن

دەمهەوێ هاوارمی لە ناو گەرومدا پێ‌بخنکێنم!

کۆپیەکی پێناسەکەشمم بۆ بهێنە

بۆ ئەوەی کاتێک خوشک و برا دینیەکانم

جنێو و سوکایەتیم پێشکێش دەکەن

با لە بیرم بێ کە من کێم!

تۆ خوا ئەگەر لە شوێنێک توش هاتی و دیتت کە ماف دەفروشن

بۆم بکڕە! تاکو بی‌کەمە ناو خواردنەکەمەوە!

جونکە پێم باشترە بەر لە هەمو کەس خۆم مافی خۆم بخۆم!

لە دواییشدا، ئەگەر هاتو پوڵێکیشت لا ماوە

پلاکاردێکیش لە وێنەی گەردەنبەندیشم بۆ بکڕە!

تا کو لە ملمی کەمو بە پیتی درشتیش لە سەری بنوسم:

من مرۆڤم!

من هێستاکەش هەر مرۆڤم!

 

Print