|
ماسی
ئهحمهدی شاملو
و: عەلی ئاشناگەر
من بیر دەکەمەوە
کە هەرگیز ئاوا
دڵم بەم چەشنە گەرم و سوور نەبوە!
هەست دەکەم
لە سامناکترین کاتهکانی
ئەم شەوە زەنگە،
چەند هەزار کانی خۆری بڕوا لە دڵمدا هەڵدەقوڵێ!
***
هەست دەکەم کە
لە گۆشە و کەناری ئەم دەشتی شۆرەکاتی ناهۆمێدی لە مێژینە
دا
چەندین هەزار دارستانی سەوز دەڕوێ!
***
ئەی بڕوای ون بوو،
ئەی ماسی سەرسوڕماو لە ناو گۆلاوی تۆتۆی ئاوێنەدا!
من گۆلێکی زوڵاڵم، ئێستاکە
بە جادوی ئەوین
لە جۆباری ئاوێنەکاندا
ڕێگەیەک بەرەو من بدۆزەوە!
***
من بیر دەکەمەوە کە
لە چاوە بە فرمێسک سوور بوەکانمدا
خۆری بێ ئاوا بونی سرودێک
سەرهەڵ ئەدا!
***
هەست دەکەم
ئێستا لە گشت ڕەگەکانمدا
لە هەر لێدانێكى دڵمدا
زەنگی هەستانی کاروانێک دەبیسم!
***
شەوێکی ڕوت لە دەرگای
ماڵەکەمەوە هاتە ژور
لە چەشنی روحی ئاو!
لە سینگیدا دو ماسی و لە دەستیشیدا
ئاوێنەیەک
پرچی خوساوی وەک قەوزەی تێکهاڵاو!
من لە بارگای ناهومێدیەوە هاوارم کرد:
ئەی بڕوای وەدەست كەوتو
ئیتر لە دەستت نادەم!
|